وته‌بێژی هاتووچۆ: بە یاسای نوێ گۆڕانكاری لە كەرتی ھاتووچۆ دەكرێت

21.06.2021
جەماوەر نیوز
وتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی كوردستان ده‌ڵێت یاسای ھاتووچۆ بۆ سەردەمی ئێستا ناگونجێ و بە یاسای نوێ گۆڕانكاری لە كەرتی ھاتووچۆ دەكرێت.
ئەسعەد كەریم، وتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی كوردستان راگەیاند "وەزارەتی ناوخۆ خەریكی پێداچوونەوەیە بە یاسای ھاتووچۆ و یاساكە ھەموار دەكرێتەوە، چونكە ئەو یاسایەی بۆ ھاتووچۆ ھەیە لەسەر دەمی حاكمی مەدەنی عێراق دەركراوە و لە زۆر لاوە پێویستی بە پێداچوونەوەیە، لەبەر ئەوەش وەزارەت لە ئێستادا خەریكی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی دیكەیە بۆ ھاتووچۆ.
راشیگەیاند: "بڕیارە لە ھەموو روویەكەوە پێداچوونەوە بە سیستەمی ھاتووچۆ بكرێت ھەر لە دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری تا دەگاتە تۆماركردن و ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێڵ و پێ بژاردەكان و ئەو سزایانەی دیار دەكرێن بۆ سەرپێچیەكانی ھاتووچۆ".
ئەسعەد كەریم ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "ئێمە لە ھەرێمی كوردستان بەھۆی گۆڕانكارییەكان و زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێڵەكان كەرتی ھاتووچۆ پێویستی بە پێداچوونەوەیە بەشێوەیەك لەگەڵ سەردەمی ئێستا بگونجێت".

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ