دادگاى ده‌ستووریى تورکیا گفتوگۆ له‌باره‌ى داخستنى هه‌ده‌په‌ ده‌کات

21.06.2021
جەماوەر نیوز

ئه‌نجوومه‌نى گشتیى دادگاى ده‌ستووریى تورکیا، یه‌که‌م لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌کات له‌و داوایه‌ى که‌ سه‌رله‌نوێ کراوه‌ته‌وه‌ بۆ داخستنى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌).

ئه‌و سکاڵانامه‌یه‌ى بۆ داخستنى هه‌ده‌په‌ ئاماده‌کرابوو و دادگاى باڵا به‌مه‌به‌ستى ته‌واوکردنى که‌موکوڕیه‌کانى گه‌ڕاندبوویه‌وه‌، دووباره‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى داواکارى گشتیى کۆماریى دادگاى باڵاوه‌ ئاماده‌کرایه‌وه‌ و ره‌وانه‌ى دادگاى ده‌ستووریى کرایه‌وه‌.

 ئه‌نجومه‌نى گشتیى دادگاى ده‌ستووریى تورکیا، به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ دۆسێى داخستنى پارتى دیموکراتى گه‌لان "هه‌ده‌په‌"ى بۆ کار له‌سه‌رکردن په‌سه‌ند کرد و دۆسێکه‌ ره‌وانه‌ى هه‌ده‌په‌ ده‌کرێت، بۆ به‌رگرى له‌ خۆکردن و رێگریکردن له‌ داخستنى پارته‌که‌.

دواى په‌سه‌ند کردنى سکاڵانامه‌که‌ ، ئه‌وا بۆ به‌رگریکردن له‌خۆ ره‌وانه‌ى هه‌ده‌په‌ ده‌کرێت. پێویسته‌ ئه‌و پارته‌ له‌و ماوه‌یه‌دا که‌ دادگاى باڵا بۆى دیاریى کردووه‌ به‌رگریکردنى یه‌که‌م له‌خۆى بکات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ده‌په‌ ده‌توانێت داواى درێژکردنه‌وه‌ى ماوه‌که‌ بکات که‌ ئه‌وه‌یش له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى دادگاى ده‌ستووریییه‌وه‌ بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت.

دۆسیه‌ى داخستنى هه‌ده‌په‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیارى ده‌سته‌ى دادگاى ده‌ستووریى که‌ له‌ ١٥ که‌س پێکهاتووه‌. بڕیاره‌که‌ش به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ که‌ ده‌کاته‌ دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانی، واتا ١٠ ئه‌ندام ده‌درێت.

ئه‌و بڕیاره‌ى له‌ ئه‌نجامى دۆسیه‌ى داخستنى پارته‌ سیاسییه‌که‌ ده‌درێت، سه‌رۆکى داواکارى گشتیى کۆماریى دادگاى باڵا و پارته‌ سیاسییه‌که‌ى لێ ئاگادار ده‌کرێته‌وه‌ و له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمیشدا بڵاوده‌کرێته‌وه‌.

 

 

 

 

ئانادۆڵ 


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ