سه‌رۆک کۆمار : ئه‌و ساخته‌کارییه‌ى که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوودا ئه‌نجامدرا پێشێلکارییه‌ بۆ سه‌روه‌رى عێراق و ساخته‌کارى و زه‌وتکردنى ده‌نگى ده‌نگده‌رانه‌

20.06.2021
جەماوەر نیوز
به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک جه‌ختیکرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ پڕۆژه‌ى عێراق، پڕۆژه‌یه‌کى نیشتمانى ناوخۆیى بێت له‌رێگه‌ى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێکى توانادارى رێزلێگیراو که‌ خزمه‌تکارى خه‌ڵک بێت و خێروبێرى وڵاتیش بۆ خزمه‌تکردنى خه‌ڵک بێت، ده‌وڵه‌تێک که‌ ئارامى باڵ بکێشت به‌سه‌ریدا، له‌گه‌ڵ گه‌ل و دراوسێکانى به‌ ئاشتى بژێت، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ گه‌وره‌ترین پێشێلکارى بۆ سه‌ر سه‌روه‌رى عێراق ساخته‌کارى و زه‌وتکردنى ده‌نگى ده‌نگده‌رانه‌، چه‌سپاندنى بنه‌ماکانى سه‌روه‌ریش له‌ پاراستنى ده‌نگى ده‌نگده‌رانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که‌ (فه‌تواى جیهادى کیفایه‌) ى مه‌ڕجه‌عیه‌تى باڵاى نه‌جه‌ف پڕۆژه‌یه‌کى نیشتمانى بوو بۆ رزگارکردنى عێراق، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌کى جددى له‌باره‌وه‌ بکه‌ین، سه‌رۆک به‌رهه‌م دووپاتیکرده‌وه‌ که‌ وڵات له‌ به‌رده‌م گۆڕانکارى گه‌وره‌دایه‌ که‌ ئه‌ویش ئاماده‌کارییه‌ بۆ په‌یمانێکى سیاسى نوێ.

د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه‌ 19 ى حوزه‌یرانى 2021  له‌کۆڕبه‌ندى دیالۆگى به‌حر ئه‌لعلوم رایگه‌یاند، "عێراق له‌ به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک گۆڕانکارى هه‌نووکه‌یى گرنگ دایه‌، وه‌ک په‌ره‌پێدانى ئابوورى و رێخۆشکردن بۆ په‌یمانێکى سیاسى نوێ و هاتنه‌ ئاراوه‌ى دۆخێکى تازه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا که‌ عێراق به‌ده‌ست کۆمه‌ڵێک ته‌نگه‌ژه‌ى سیاسى ده‌ناڵێنێت که‌ پێویست ده‌کات چاره‌سه‌رێکى ریشه‌یى بوێرانه‌ى راسته‌قینه‌یان بۆ بدۆزرێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ گرنگه‌ سود له‌ تواناکانى که‌سانى ئه‌کادیمى و زانکۆ و سه‌نته‌ره‌کانى توێژینه‌وه‌ وه‌ربگرین.

سه‌رۆک کۆمار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ مه‌رجه‌عییه‌تى ئاینى له‌ نه‌جه‌ف له‌ وره‌چه‌رخان و گۆڕانکارییه‌ گه‌وره‌کانى عێراقدا رۆڵێکى مێژوویى گه‌وره‌ و گرنگى گێراوه‌، هه‌میشه‌ هه‌ڵوێسته‌کانى هه‌ر له‌ شۆڕشى بیسته‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا- پاڵپشتى له‌ سه‌روره‌ى و بڕیارى نیشتمانى عێراق کردووه‌، جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ فه‌تواى جیهادى کیفایه‌ى مه‌ڕجه‌عیه‌تى باڵا له‌ ئانوساتێکى چاره‌نووسسازدا بوو، هه‌موو توێژه‌کانى گه‌ل به‌ گه‌وره‌ و بچوکه‌وه‌ به‌ده‌نگییه‌وه‌ هاتن، فه‌تواکه‌ ته‌نیا بۆ مه‌زهه‌ب و پێکهاته‌یه‌ک نه‌بوو، به‌ڵکو پڕۆژه‌یه‌کى نیشتمانى راسته‌قینه‌ بوو بۆ رزگارکردنى عێراق له‌ دۆخێکى زۆر مه‌ترسیدار، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ لێى بڕوانین و هه‌ڵوێسته‌ى له‌ به‌رامبه‌ردا بکه‌ین و توێژه‌ر و سه‌نته‌ره‌کانى لێکۆڵینه‌وه‌ش بیخه‌نه‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌، سه‌رۆک کۆمار ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ ئانوساتى ئه‌و فه‌توایه‌ گرنگى و گه‌وره‌یى رۆڵه‌ مێژوویه‌که‌ى مه‌ڕجه‌عیه‌ت ده‌رده‌خات له‌وه‌ى هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بووه‌، هه‌میشه‌ پارێزه‌ر و داکۆکیکارى سه‌رسه‌ختى سه‌روه‌رى و بڕیارى نیشتمانى عێراقى بووه‌، هه‌میشه‌ پارێزه‌رى سته‌ملێکراو و چه‌وساوه‌کان بووه‌ و دڵسۆزانه‌ به‌رگرى له‌ مافى کورد و مه‌سیحى و ئێزدییه‌کانیش کردووه‌.

سه‌رۆک کۆمار ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ عێراقى خاوه‌ن سه‌روه‌رى ته‌واو به‌رهه‌مى بڕیار و خواست و سیاسه‌تێکى ناوخۆییه‌، هه‌روه‌ها روونیکرده‌وه‌ ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ى له‌ ساڵى 2003 وه‌ به‌ده‌ست هاتوون که‌منین، به‌ڵام ده‌بێت بوێرى وتنى ئه‌وه‌شمان هه‌بێت که‌ له‌ ئاست خه‌ون و هیواکانماندا نین و که‌موکورتى زۆریان تێدایه‌ و پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانى حوکمڕانییه‌کى باش و ده‌وڵه‌تێکى توانادارى خاوه‌ن سه‌روه‌رى ته‌واو پڕناکه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ داواکارى راسته‌قینه‌ى هه‌موو گه‌لى عێراقه‌ هه‌ر له‌ به‌سڕه‌ تا نه‌جه‌ف و عیماڕه‌ و ئه‌نبار و موسل و سلێمانى و هه‌ولێر، هه‌مووان ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تێکى نیشتمانى خزمه‌تگوزار دابمه‌زرێنین که‌ بتوانێت پارێزگارى له‌ شکۆمه‌ندى هاووڵاتییه‌کانى بکات.

سه‌رۆک کۆمار ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا که‌ هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى شه‌قامى ناڕازى عێراقییه‌ له‌و دۆخه‌ سیاسییه‌ى ناهه‌مواره‌ى تیایدا ده‌ژین که‌ ناتوانێت خزمه‌تگوزارى پێویست بۆ هاووڵاتییه‌کانى دابین بکات، کاردانه‌وه‌ى شه‌قامه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ساخته‌کارییه‌ى که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوودا ئه‌نجامدراوه‌، هاوکات جه‌ختیکرده‌وه‌ که‌ که‌موکورتى هه‌ره‌ گه‌وره‌ که‌ پێشێلکارییه‌ بۆ سه‌روه‌رى عێراق ساخته‌کارى و زه‌وتکردنى ده‌نگى ده‌نگده‌رانه‌، چونکه‌ سه‌روه‌رى هه‌ر وڵاتێک له‌ رێزگرتن له‌ ده‌نگى ده‌نگده‌رانییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شه‌رعیه‌ت بۆ سیسته‌م و ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنێکى راسته‌قینه‌ى ئازاد سه‌نگى مه‌حه‌ک بێت دوور له‌ ساخته‌کارى و فرتۆفێڵ.

سه‌رۆک کۆمار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ هاووڵاتیان به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌دگومانن، هۆکاره‌که‌ش ئه‌و که‌موکورتییانه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوودا روویانداوه‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌ له‌ ژێر چاودێرى نێوده‌وڵه‌تى و رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و چالاکییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌رێوه‌بچێت له‌ پێناو پاراستنى خواستى خه‌ڵک و ده‌نگى ده‌نگده‌ران.

سه‌رۆک کۆمار: له‌داهاته‌ نه‌وتییه‌کانى عێراق له‌ ساڵى 2003 وه‌ تاوه‌کو ئێستا 150 ملیار دۆلارى له‌ رێگه‌ى چه‌ند سه‌ودا و مامه‌ڵه‌یه‌کى گوماناوى په‌یوه‌ست به‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ به‌ تاڵان براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق
 
له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وته‌کانیدا سه‌رۆک کۆمار باسى له‌وه‌شکرد که‌ به‌ گوێره‌ى وته‌ى شاره‌زایان داهاته‌ نه‌وتییه‌کانى عێراق له‌ ساڵى 2003 وه‌ تاوه‌کو ئێستا هه‌زار ملیار دۆلار بووه‌، مه‌زه‌نده‌کانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن که‌ 150 ملیار دۆلارى ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ رێگه‌ى چه‌ند سه‌ودا و مامه‌ڵه‌یه‌کى گوماناوى په‌یوه‌ست به‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ به‌ تاڵان براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق، گه‌نده‌ڵى شاده‌مارى ئابوورى سیاسى توندوتیژى و پشێوییه‌، ده‌وڵه‌ت لاواز و سه‌روه‌رى پێشێل ده‌کات، بۆیه‌ هێشتنه‌وه‌ى دۆخه‌که‌ به‌و جۆره‌ ناهه‌موارى ئێستا و بێ چاره‌سه‌رکردنى پرسى گه‌نده‌ڵى و گێرانه‌وه‌ى پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌کان ناتوانین هیوا و ئاواته‌کانمان له‌ گه‌یشتن به‌ حوکمڕانییه‌کى باش بهێنینه‌دی.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخى ناوچه‌که‌ش سه‌رۆک کۆمار وتی: "خاکى میزۆپۆتامیا به‌ درێژایى مێژووى خاڵى هاوسه‌نگى و یه‌کلایکردنه‌وه‌ى ململانێکان بووه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا، ئه‌مڕۆش بێ بوونى ده‌وڵه‌تێکى نیشتمانى توانادارى خاوه‌ن سه‌روه‌رى له‌ عێراق، ناوچه‌که‌ ناتوانێت ئاشتى و ئارامى و سه‌قامگیرى به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، بۆیه‌ هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێک له‌ کاروبارى عێراق له‌لایه‌ن لایه‌نێکى دیایکراو ده‌ستوه‌ردانى لایه‌نى دیکه‌ى به‌دوادا دێت، به‌مه‌ش گێژاوى قه‌یرانه‌کان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌مووانیش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین.

هه‌ر له‌ میانه‌ى وته‌کانیدا سه‌رۆک به‌رهه‌م ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ تا ساڵى 2050 ژماره‌ى دانیشتووانى عێراق ده‌گاته‌ 80 ملیۆن که‌س، تویژینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌کانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن که‌ داهاته‌ نه‌وتییه‌کان به‌ هۆى که‌مبوونه‌وه‌ى خواست له‌سه‌رى له‌ بازاڕه‌کاندا و په‌یدابوونى ووزه‌ى تازه‌ى جێگره‌وه‌ نرخیان به‌ره‌و دابه‌زینه‌، بۆیه‌ ئه‌و یه‌ده‌گه‌ زۆره‌ى عێراق ناتوانێت ئاینده‌یه‌کى باشتر بۆ رۆڵه‌کانى ده‌سته‌به‌ر بکات، ئه‌مه‌ بۆ ئێران و سعودیه‌ و ئوردن و هه‌موو دراوسێکانى دیکه‌شمان راسته‌، هه‌مووى ئه‌وه‌ى باسمانکرد ئه‌رکى ئه‌وه‌مان ده‌خاته‌سه‌رشان که‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئاڵینگارییه‌کان هاوکار و هه‌ماهه‌نگ بین، ئه‌مه‌ش ته‌نیا و ته‌نیا به‌ بونیاتنانى ده‌وڵه‌تێکى نیشتمانى عێراقى توانادارى خاوه‌ن سه‌روه‌رى ته‌واو مه‌یسه‌ر ده‌بێت.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ