په‌رله‌مانتارێك: هه‌رێم و به‌غدا جدینین له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌

13.06.2021
جەماوەر نیوز
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان جیددی نین لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیان لەسەر بودجە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند "ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی نییە، ئەگەر سەرۆک وەزیران بڕیاربدات ئەو بەشە بودجەیە رەوانە بکرێت، ئەوکات وەزیری دارایی ناچارە پارەکە خەرج بکات".
سەبارەت بەوەش کە دەگوترێت وەزیری دارایی وتوویەتی هەرێمی کوردستان قەرزدارە، جەمال کۆچەر دەپرسێت "بەپێی چ پێوەرێک قەرزدارە، ئەگەر باسی حیساباتی پێشوو دەکات، لە یەکێک لە ماددەکانی بودجە باسکراوە کە دیوانی چاودێریی دارایی هەردوو حکومەت بەیەکەوە دادەنیشن و بڕەکەی دەستنیشان دەکەن، بۆئەوەی بەپێی خشتەیەک لە ماوەی چەند ساڵێکدا ئەو قەرزە بدرێتەوە".
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانیش، جه‌مال كۆچه‌ر دەڵێت "کاتێک ئێمە دەنگمان بڵندکرد و گوتمان با مووچەی فەرمانبەران راستەوخۆ بنێردرێت، ئەگەر مووچەی فەرمانبەران لە پشکی هەرێم جیاکرابووایەوە، وەکو مووچەخۆرانی عێراق، بودجە هەبووایە یان نا، بیانناردبا یان نا، مووچەی فەرمانبەران هەر رەوانە دەکرا، بەڵام هەرێمی کوردستان قبووڵی نەکرد و داوایکرد هەمووی یەک پاکێج بێت".
وتیشی تاوەکو ئێستا هەردوو حکومەت لەسەر میکانیزمی رادەستکردنی داهات و ناردنی داهات "رێکنەکەوتوون"، پێشیوایە "هەردوو حکومەت لەو رێککەوتنە جیددی نین، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی دەیویست لەو بودجەیە ئەوەبوو شەرعیەت وەرگرێت بۆئەوەی خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت".
جەمال کۆچەر بەڵگە بۆ قسەکانی بەوە دەهێنێتەوە کە لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا کاتێک لایەنە شیعییەکان داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتیان کردووە، حەلبووسی لەو دانیشتنەدا وتی کامێرەکان بکوژێننەوە با بە راشکاوی پێتان بڵێم، گوتی هەر کاتێک نرخی نەوت بگاتە 65 دۆلار ئەوا کورد لە بەغدا نابیننەوه‌.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد "ئێستا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوتەکەی دەفرۆشێت، مۆڵەتیشی پێدراوە بەپێی یاسای بودجە. حکومەتی عێراقیش نایەوێت پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، چونکە بە هەر میکانیزمێک پارە بە هەرێمی کوردستان بدات، بڕەکە زیاترە لەوەی کە هەرێمی کوردستان رادەستی دەکات، ئەوکاتیش رەنگە حکومەتی عێراق بەوە تۆمەتباربکرێت کە پارەیەک بە هەرێم دەدات بەبێ بەرامبەر. بۆیە هەردوو حکومەت جیددی نین، هاووڵاتییانیش لەنێوان هەردوو حکومەتدا بوونەتە قوربانی"

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ