نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان دیاری ده‌كرێت

04.05.2021
جەماوەر نیوز

نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەھلییەکان له‌ ناو شاری سلێمانى بۆ مانگی نیسان به‌‌ (38) دینار دیاری ده‌كرێت، هاوكات خشته‌ی پێدانی كاره‌بای موه‌لیده‌ له‌ دوای مانگی ره‌مه‌زان گۆڕانكاری تێدا ده‌كرێت.
ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ (2021.5.4) لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نرخی سوته‌مه‌نی له ‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نرخی كاره‌بای موەلیدە ئه‌هلييه‌كانی بۆ مانگی چوار (نیسان)ـی ‌به (38) سی و هه‌شت دینار بۆ یه‌ك سه‌عات/ئه‌مپێڕ كاركردن دیاریکرد‌.
كاركردن و ته‌رخانكردنی كاره‌با له‌لایه‌ن موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كانه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان له‌نێوان (50) بۆ (70) كاتژمێره‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێڕ كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی بۆ ئه‌و مانگه‌ له‌ نێوان دوو هه‌زار بۆ دو هه‌زار و (500) دیناره‌، به‌هۆی جیاوازی كارپێكردنی موه‌لیده‌كان له‌گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌، نرخی ئه‌مپێڕێك كاره‌بای موه‌لیده‌ لە گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت.
خشته‌ی كارپێكردن و دابینكردنی كاره‌با له‌لایه‌ن موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كانه‌وه بۆ مانگی پێنج (ئایار) تا كۆتایی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز پێدانی كاره‌بای موه‌لیده‌ له كاتژمێر (12)ـی نیوه‌ڕۆ بۆ كاتژمێر (4)ی به‌ره‌به‌یان ده‌بێت، له‌و ماوه‌ی دیاریكراوه‌ هه‌ركاتێك كاره‌بای نیشتمانی كوژایه‌وه‌ پێویسته‌ مۆلده‌ ئه‌هلییه‌كان له‌ماوه‌ی (10) ده‌قیقه‌ كاریان پێبكرێت، به‌ڵام له‌دوای مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز گۆڕانكاری تێدا ده‌كرێت.