داهاتی نه‌وتی عێراق بۆ مانگی نیسان ڕاگه‌یه‌نرا

02.05.2021
جەماوەر نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە کۆی داھاتی نەوتی ھەناردەکراو بۆ مانگی نیسان رابردوو، گەیشتووەتە پێنج ملیار و 525 ملیۆن و 330 ھەزار دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا به‌ پشت بەستن بە ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی وڵاته‌كه‌  (سۆمۆ) ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، كه‌ کۆی نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی نیسانی رابردوودا، گەیشتووەتە 88 ملیۆن و 398 ھەزار و 319 بەرمیل نەوت کە داھاتەکەی پێنج ملیار و 525 ملیۆن و 330 ھەزاردۆلار بووە.
باس لەوەشکراوە کە لە مانگی نیسانی رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 85 ملیۆن و 534 ھەزار و 916 بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراوی کەرکووک لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 863 ھەزار و 403 بەرمیل و ھاتووە:"لە مانگی نیسانی رابردوودا، رۆژانە دوو ملیۆن و 947 ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە".
بەپێی راگەیەنراوەکە لە مانگی نیسانی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە 62 دۆلار و 50 سەنت فرۆشراوە.