پرسی کورد لە عێراق، ئاستەنگ و چارەسەر
14.02.2021

ھەرکات بمانەوێت قسە لەسەر کێشەو پرسی گەلی کورد بکەین لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، ناکرێت تەنھا و تەنھا قسە لەسەر کێشەکانی ئێستا بکەین و ڕابردووی کێشەکان و سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لەبیربکەین.
بۆ ئەوەی دراسەیەکی ورد و بابەتیانەی کێشەکە بکەین، دەبێت ئەم دەوڵەتەی ناوی عێراقە باش بیناسین و داخوازی و ویستی کورد بەدرێژایی مێژووی پێکەوە گرێدراویان بناسین، بۆیە زۆربەکورتی گوزەرێک دەکەین بەسەر مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم بەدەست ھێنانی مافەکانی گەلی کورد و ئاسۆکانی چارەسەری.
سەرچاوە مێژووییەکان پێمان دەڵێ تاکوتایی ھاتنی جەنگی یەکەمی جیھانی دەوڵەتی عێراق تەنھا لە ویلایەتەکانی بەغدا و بەسرە پێک ھاتبوون، ھەرچی ویلایەتی موسڵیش بوو کە شارەکانی (موسڵ و ھەولێر و کەرکوک و سلێمانی) دەگرتەوە لەژێر حکومڕانی کوردەکان خۆیاندا بوون.
بەڵام بەھۆی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابوورییەی لە جیھاندا ھاتە ئاراوە بەھۆی جەنگی یەکەمی جیھانییەوە، دەوڵەتی بەریتانیای زلھێزو براوەی جەنگ بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی دا لەناوچەکە بۆئەو مەبەستەش ھەرسێ ویلایەتەکانی (بەغدا و بەسرە و موسڵی) بەسنووری جوگرافی دەوڵەتەکە دیاری کرد. ھەربۆیە لە٢٣-١٠-١٩٢٠ بەسەرپەرشتی مەندوبی سامی بەریتانیا (پرسی کوکس) یەکەم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێکھات و لە ساڵی ١٩٢١ یش میر فەیسەڵ کە بەڕەگەزیش عێراقی نەبوو ( کوڕی حوسەینی شەریفی مەککە بوو ، لە نیسانی ١٩٢٠ لەسووریا تاجی پاشایەتی لەسەرنا بەڵام فەڕەنسیەکان قبوڵیان نەبوو لە دیمەشق وەدەریان نا) کرا بەمەلیکی عێراق. ئەمە یەکەم ھەنگاوی دروسبونی دەوڵەتێکە بەخواستی دەوڵەتانی زلھێز و حکومڕانی بێگانە.
ھەرلەیەکەم ھەنگاوە و پرسی کورد دەبێتە بابەتێکی جدی و دانیشتوانی ویلایەتی موسڵ کە زۆرینە کوردەکان بوون پاشایەتی فەیسەڵیان ڕەتکردەوە و داوای دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیان بۆ کورد کرد، لەساڵی ١٩٢٢ شاندی دانوستاندن کاری کورد لەگەڵ عێراق و بەریتانیا پێکھات و داخوازییەکانی گەلی کوردیان خستەڕوو کە گرنترینیان بە ڕەسمی ناساندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و دیاریکردنی سنووری جوگرافی نێوان خاکی کوردستان و عێراق و دروستکردنی ئەنجومەنی نەتەوەیی کوردستان و دیاریکردنی شێخ مەحمودی حەفید وەک مەلیکی کوردستان .
لەبەرامبەر ئەم داخوزایانەدا ھەردوو حکومەتی بەریتانیا و عێراق بەجۆرێک نەرمیان نواند کە ڕازین گەلی کورد لەچوارچێوەی عێراقدا حکومەتێکی کوردی پێکبھێنی و بۆ ئەو مەبەستەش بەیانێکی پێکەوەییان ئاڕاستەی (کۆمەڵەی نەتەوەکان) کرد لەبەرواری ٢٤-١١-١٩٢٢ و تیایدا دانیان بەمافەکانی گەلی کورد دا نابوو لەناوچە زۆرینە کوردنشینەکان.
بەڵام ئەم ھەوڵیستەیان نەچووە بواری جێبەجێکردن و ھەردولا بە پلانێکی نێودەوڵەتی لەساڵی ١٩٢٥ بە فەڕمی ویلایەتی موسڵیشیان خستە سەرعێراق و ھەر لەو ساڵدا و لە ٢١-٣-١٩٢٥ یەکەم دەستوری دەوڵەتی عێراق بەناوی یاسای بنەڕەتی عێراق دەرچوو کە کوردیشی لەسەرجەم مافە بنچینەییەکانی بێبەشکردبوو.
ویستی بەرژەوەند خوازی عەرەب و حکومەتی عێراق لەپێناو بوون بە ئەندام لە کۆمەڵەی نەتەوەکان جارێکیتر وای کرد کە بەڵێنی پێدانی ئۆتۆنۆمی بەکوردەکان بدات، بەڵام ھەرلەگەڵ وەرگرتنیان لە ١٩٣٢ لە بەڵێنەش پاشگەزبوونەوە.
ئەمەش بووە ھۆکارێکی گرنگ بۆ سەرھەڵدانی شۆڕشی چەکداری و سیاسی خەڵکی کوردستان.
ئیدی لێرەوە حزبی ھیوا لەساڵی ١٩٣٩ دروست بوو، ھەروەھا لە ١٩٤٣ شۆڕشی بارزانییەکان سەریھەڵدا و شۆڕشی کوردستان بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفای بارزان لەساڵی ١٩٤٤ نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد کە چەند داواکارییەکی لە خۆگرتبوو لەگرنگترینیان پێکھێنانی ویلایەتی کوردستان بوو کە لیواکانی (کەرکوک و سلێمانی و ھەولێر و قەزاکوردییەکانی سەربەلیوای موسڵ و خانەقین و مەندەلی) دەگرتەوە، وەناساندنی زمانی کوردی بوو بە فەڕمی بۆ ویلایەتی کوردستان، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادەنەبوو وه‌ڵامی داخوازییەکانی شۆڕشی کوردستان بداتەوە.
ھەڵوێستی عەرەبی عێراقی بەگۆڕانی سیستەم و کەسایەتیەکان ھیچ گۆڕانێکی بەسەردانەھات، ھەربۆیە دەبینین دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ١٤ ی تەمموزی ١٩٥٨ و ڕاگەیاندنی سیستەمی کۆماریش یەکەم دەستوری کاتی سەردەمی کۆماری لە ٢٨ی تەمموزی ١٩٥٨ دەرچوو، لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی سیاسی عێراقی وەک خۆی ھێشتەوە دەوڵەتی عێراقیشی وەک بەشێک لەنەتەوەی عەرەبی وەسف کردبوو.
لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵاتیش لەلایەن حزبی بەعسەوە لە تەمموزی ١٩٦٨، ئەوکات حزبی بەعس پێویستی بەکۆکردنەوەی زۆرترین لایەنگر و ڕازیکردنی نەیارەکانی بوو تا بتوانێت بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە حکومڕای خۆی ئەنجامبدات، ھاوکات لەمەترسی گەلی کوردستانیش تێگەشتبوو کە سوورن لەسەر داخوازییە ڕەواکانیان، بۆیە بۆ ھێورکردنەوەی دۆخی سیاسی ناوچەکە و سەقامگیری دەسەڵاتەکانی ھەندێک ڕێکاری سیاسی و فەرھەنگی گرتەبەر بۆ ڕازیکردنی دڵی کوردەکان بۆ نمونە دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی و کۆڕی زانیاری کورد و ناساندنی جەژنی نەورۆز وەک جەژنی نەتەوەیی کورد.
ئەم ھەنگاوانەی حزبی بەعس پەرەی سەند تا کار گەیشتە ئەوەی کە بواربۆ دانوستاندن بدات لەگەڵ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد، دانوستاندن چەند قۆناغێکی بەخۆیەوە بینی و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ ھاتەبوون لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی یەکگرتوودا ، جێگای خۆیەتی بڵێین لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد دا تا ئەوکات ئەم ڕیککەوتننامەیە مەزنترین دەسکەوت بوو ، کە دەبوو لەماوەی چوار ساڵدا سەرجەم بەندەکانی جێبەجێبکرێت کە گرنگترینی دیاریکردنی سنووری جوگافی نێوان خاکی کوردستان و عێراق بوو.
دیسان ئەمجارەش لەگەڵ سەقامگربوونی پێگە و بەھێزبوونی حزبی بەعس لەعێراق، ووردە ووردە کات بەڕێکرا و ڕێکەوتننامەکە فەرامۆش کرا، بۆیە لەساڵی ١٩٧٣جارێکیتر سەرکردایەتی سیاسی کورد داخوازییەکانی گەلی کورد و جەخت کردنەوە لە بەیاننامەی ١١ی ئازاری ئاراستەی حکومەتی ئەوکاتی عێراق کردەوە بەڵام حکومەتی عێراق ھیچ وەڵامێکی نەدانەوە، ھەموو ھەوڵ ناوخۆیی و دەرەکیەکانی خستە گەڕ بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازنەی نەتەوەی کورد و لە ٦ ی ئازاری ١٩٧٥ ڕێکەوتننامەی شوومی جەزائیری مۆرکرد کە ئامانجی سەرەکی سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوو لەسەر خاکی خۆی.
ھەربۆیە نەتەوەی کورد زوو ھەستی بەمەترسیەکانی سیاسەتەکانی حزبی بەعس کرد و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان سەرھەڵدایەوە، نیەتی عەرەبی شۆڤێنیش ڕۆژبەڕۆژ بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نەمانی گەلی کوردستان تا دەھات زیاتر خۆی دەرخست تا گەیشتە ئەوەی دەستیکرد بە ڕاگواستن و وەدەرنانی چالاکوانانی سیاسی و گرتن و بێسەروشوێنکردنیان و دورخستنوەی زیاتر لە ٣٠٠٠ کوردی فەیلی لەماوەی ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٨ و ئەنفالکردنی نزیکەی ٨٠٠٠ ماڵباتی سیڤیلی بارزانی و جینۆسایدی زیاتر لە ٥٠٠٠ ھاوڵاتی و دانیشتوی شاری ھەڵه‌بجە بە چەکی کیمیایی و ئەنفالکردنی نزیکەی ١٨٢٠٠٠ ھاوڵاتی بەچەند قۆناغێک بەناوی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و ھەوەھا خاپوورکردنی زیاتر لە ٤٥٠٠ گوندی کوردستان و راگواستنی دلنیشتوانەکەی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان.
ئەم سیاسەتە وەحشیگەرانەیەی حزبی بەعس ڕقی پیرۆزی خەڵکی کوردستانی تا دەھات زیاتر بڵێسەدەدا لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو ئەو ھۆکارە دەرەکیانەی کەبەسەر ناوچەکەوجیھاندا ھاتن بوونە پاڵپشتی بەھێزی شۆڕشی نوێ و دەرەنجام بەڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ ی لێکەوتەوە وسەرجەم ناوچە یکوردستاییەکان بە کەرکوکیشەوە لەدەسەڵاتی حزبی بەعس پاککرایەوە .
بەڵام زۆری نەبرد کە سوپای عێراق دەستیگرتەوە بەسەر سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا ئەمەش وایکرد لە ریفراندۆمێکی گشتگیردا سەرجەم دانیشتوانی کوردستان بەھەموو تەمەن و ڕەگەزە جیاوازەکانەوە بڕیاری کۆچی بە کۆمەڵ درا، ئەم رەتکردنەوە بەکۆمەڵەی خەڵکی کوردستان ھەر زوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھێنیایە سەرخەت و لە ژێر ڕۆشنایی بڕیاری ٦٨٨ ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان کەتایبەت بوو بەگەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە لە ٢٦-١٠-١٩٩١ ھێزەکانی عێراقی کشانەوە و خەڵکی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە گەڕانەوە کوردستان و یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانیان لە ١٩-٥-١٩٩٢ ئەنجامدا ، وەک رێگا چارەیەکیش بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەعێراق لە ٤-١٠-١٩٩٢ ڕاگەیاندنی فیدراڵیان دەکرد . لێرەبەدواوە تا ساڵی ٢٠٠٣ سەرکردایەتی کورد وەک حکومەتێکی دیفاکتۆ لەچوارچێوەی عێراقدا پراکتیزەی مافەکانی خۆی دەکرد، بەڵام ڕووداوەکانی یانزەی سێبتێمبەر و ھێماکانی گۆڕانکاری گرنگی جیھانی ھەرزوو بڕیاری جەنگی دژە تیرۆر ڕۆژگاری حزبی بەعسی بەرەو ئاوابوون برد، پلانی ڕوخانی ڕژێمی عێراق و دامەزراندنەوەی عێراقی نوێ ھاتە ئاراوە بۆیە ساڵی ٢٠٠٢ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ھێزە بەرھەڵستارە عێراقییەکان بەبەشداری کارایانەی ھێزە کوردیەکان و ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەستراو تیایدا کورد سووربوو لەسەر چارەسەری پرسەکەی وەک ڕێگاچارە پێشنیازی سیستەمی فیدراڵی لەم کۆنگرەیەدا بڕیاری لێدرا.
بینیمان ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ٢٠-٣-٢٠٠٣ لەژێر ناوی پرۆسەی ئازادی عێراق ھەڵمەتی سەربازی دەستپێکرد بۆسەر دەسەڵاتەکانی حزبی بەعس و لە ٩-٤-٢٠٠٣ شکست و ڕوخانی ڕژێمی عێراق ڕاگەیەنرا، ئیدی لێرە بەدواوە عێراق و پرسی کورد قۆناغێکی تری گرنگی بە خۆیەوە بینی .
قۆناغی بە یاسایی کردنی مافەکانی گەلی کورد بوو بە بەشێک لە خەباتی گەلی کوردستان ، بۆیە بەشداری کارایانەی کرد لە بونیادنانەوەی عێراق و نوسینەوەی دەستوری ھەمیشەیی عێراق و دەرچونی ئەم دەستورە ، بەنیەتی ئەوەی ئایندەیەکی گەش و سەقامگیر بۆسەرجەم گەلانی عێراق دەستەبەر بێت ھەربۆیە بەپێی ئەم دەستورەی کە دەنگی لە سەدا ٩٨ی عێراقیەکان بەکوردیشەوە بەدەست ھێنا وەک عێراقی وەک دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵی نوێنەرایەتی پێناسەکرد.
ئەگەر بەووردی سەرنجی بەندو مادەکانی دەستوری عێراقی ٢٠٠٥ بدەین لەزۆربەی ڕووەکان و بە زۆربەی پێوەرەکان باشترین دەستورە لەعێراقدا بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بەمافەکانی گەلی کوردەوە سەرەڕای تێبینیەکانمان ، بەڵام ھەمیشە دەڵێن حیکمەت لە جێبەجێکردنی یاسایە و نیەتی ڕاستەقینەش لە دەرچوونی یاسا و دەستوور لە جێبەجێکردنیدا بەدەردەکەوێت ، بەڵام کات زۆری نەبرد ھەرئەوەندەی باری لاری عێراق ھاتەوە ڕاستە و ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دوێنێ ھاوپەیمانی کورد بوون ، ئێمەی کوردیش لەوەھمی برایەتی کورد و عەرەب و یەکپارچەییی خاکی عێراقدابووین بڕگە بڕگەی ئەم دەستورەی ھەموان بەشداربوین تیایدا کەوتە بە ڕەحمی مەزھەبگەرایی و زۆرینە و کەمینە ، ئەمە بەڕونی لەسەردەمی دەسەڵاتی نوری مالیکی لە شوباتی ٢٠١٤ وەک سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان و پەرچەکرداری ئابووری سەربەخۆی حکومەتی کوردستان بە بڕیاری سەرۆک وەزیران بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لە عێراقی فیدراڵی تەوافوقی و شەراکەت بڕدرا و تائێستاش ئەم سیاسەتە درێژەی ھەیە.
ئەمە جگە لەوەی وودرە ووردە بەڕوونی سەرجەم ئاماژەکانی قۆڕخکردنی دەسەڵات لەدەستی حزبە شیعیەکانی عێراق نیشانەکانی بەدەردەکەون ھەرچی ئەومادە دەستوریانەشە کە لەبەرژەوەندی گەلی کوردە جێبەجێکردنیان فەرامۆش کراوە ، لەوانەش کارکردنە بە پرەنسیپی زۆرینەو کەمینە کە بەتەواوی پێچەوانەی مادەی یەکەمی دەستورە کە عێراقی وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی پێناسەکردوە کە بنەمای دامەزراندنی دەوڵەتی فیدراڵیش مەبدەئی تەوافوقە.
کارنەکردنە بەیاسای زمانە فەرمیەکان تەنانەت لەوناوچانەشی زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن کە بنەمای دەستوری ھەیە و لەمادەی ٤ ی ئەم دەستورە زمانی کوردیش لەپاڵ زمانی عەرەبیدا زمانی فەرمیە.
کارنەکردن بە پرەنسیپی شەراکەت و بەشداریپێکردن ، بەتایبەت بەشداری کردنی ڕاستەقینەی ڕێژەی کورد لەڕیزی سوپای عێراق و دان نەنان بەھێزی پێشمەرگەی کوردستان و نەدانی شایستە داراییەکانیان .
لەگەڵ ئەوەی ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت نکۆڵی لە قوربانیەکانی گەلی کورد بکات لەماوەی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، بەڵام حومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی عێراق تا ئێستا ئامادە نین شایستەی دارایی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە بدات و قەرەبووی ناوچە زیانکەوتوەکانی سەردەمی ڕژێمی فاشیست بکاتەوە .
ھەرچی پەیوەندی بە خاکی کوردستان و ناوچە داگیرکراوەکانیەوەیەتی کە لەمادەی ١٤٠ دا میکانیزمی چارەسەری دیاریکراوە وەک مادەیەکی مردوو حسابی بۆدەکەن .
لەھەموو ئەمانەش گرنگتر دوای پانزە ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دەرچونی دەستووری عێراقی فیدراڵدا تێدەپەڕێت تا ئێستا ئەنجومەنی ھەرێمەکان کە بەشێکە لە دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی دانەمەزراوە لەکاتێکدا گرنترن ئەو خاسیەتانەی کە سیستەمی فیدراڵی لە سیستەمەکانی تری پێ جیادەکرێتەوە دوانەیی دەسەڵاتی یاسا دانانە .
ھەروەھا مەیلی قۆرخکاری دەسەڵاتدارانی عێراق لەدەستی ناوەنددا وای کردوە تا ئێستا بوار نەبێت بۆ دروستبونی ھیچ ھەرێمێکی تر جگە لە ھەرێمی کوردستان .
ھەموو ئەو ھەنگاو ئاماژانەی لەسەرەتای دروسبونی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەمڕۆ بینیمان زۆر بەڕونی و ئاشکراییی پێمان دەڵێ نە لە ڕابردوو و نه‌ ئێستا بەدڵنیایش بۆ داھاتوو عەرەب لە عێراق بە ھەردوو مەزھەبی شیعە و سوننەشەوە نەک برای کورد نین ته‌نانەت دۆست و شەریکێکی ڕاستگۆش نەبون و نابن ، ھەرکات ئەوان لایەنی لاوازی کێشە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بوبن بۆ پارسەنگی ھێزی خۆیان ھەنگاویان بەرەوڕووی داخوازییەکانی کورد ناوە، بەنەمانی مەترسیش سڕینەوەی ناسنامەی کورد لەسەر خاکی پیرۆزی خۆی بژاردەی یەکەم بووە لە ژێر ھەرناو و سیاسەتێکدا بووبێت .
بۆیە زۆر گرنگە ئەگەر دەسەڵاتدرانی عێراقیش سەرجەم کێشەکانمان لە بابەتی موچە و نەوتدا کورت بکەنەوە ئێمە دونیا بینیمان دوور مەودا تربێت، ئەمە سەرەتای ھەنگاوی یەکەمی بچوککردنەوە و نەمانی ئەم قەوارەیە یە کە دەیان و سەدان ھەزار شەھید قوربانیمان بۆی داوە بە پیلانی دەرەکی و ناوخۆیی ، کە پێشبینیەکی چاوەڕوانکراوە لە داھاتوویەکی نزیکدا پرۆژەی ھەمواری دەستوری عێراق و ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی نەبێتە بابەتی جدی و بەزۆرینە تێنەپەڕێنرێت.
لێرەدا چیتر کاتی ئەوە ھاتووە ھەستکردن بە مەترسیەکان جدیتربن و ھەموان دان بەوڕاستیەدا بنێین کە پرسی کورد لە عێراق پرسی و بون و نەبونە ، پرسی خاکە ، پرسی زمان و ناسنامەیە ، ئەمەش ھەنگاوی جدی دەوێت تا بەرامبەر کاریگەرییەکانی ئەو سیاسەتانە بوەستین کە دەیەوێت ھەموو ئەمانەی سەد ساڵە خەبات بۆ پاراستنی کراوە بیپارێزین لە پاڵیدا مانەوە و پاراستنی قەوارەی سیاسی و دەستوری ھەرێمی کوردستان واجبی حەتمیە .
بۆیە دەبێت ھەرچی زووە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەپێی قەوارەی خۆیان خاوەندارێتی دۆخەکە بگرنە ئەستۆ و ھەموو ناکۆکی و گرژییەکانی نێوانیان بخەنە لاوە یەکڕیز بن زەوتنەکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان، ھاوکات ھێزە دەسەڵاتدارو حوکمڕانەکانی کوردستان بە ئیرادەیەکی سیاسی بەھێزە وە بڕیاری چاکسازی گشتی بدەن ھەروەک چۆن لەکابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم پرۆژەیاسای چاکسازی لەوەزیفەی گشتی بوو بەخەمی گرنگی حکومەت و خۆشبەختانە کابینەی نۆیەمیش کارەکەی بە ھاوکاری پەرلەمانی کوردستان تەواوکرد و یاساکە دەرچوو قۆناغ بە قۆناغ لە جێبەجێکردن دان ئاواش ئەمجارە لەسەرجەم سێکتەرەکاندا چاکسازی گشتی ڕابگەیەنن و ھەوڵی باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دابین کردنی قوتی خەڵک و ھەژاری و کەمی خزمەتگوزاری لەخەمی یەکەمیان بێت ، لە پاڵ ھەموو ئەمانەشدا بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان پێشنیازی دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی باڵای دانوستاندن دەخەینە ڕوو کە لە سانی خاوەن بڕیاری سیاسی و شارەزای دەستوور و پشوو درێژبن لەگەڵ پرۆسەی دانوستاندن تا بەردەوامی بدەن بە دانوستاندنی درێژخایەن بۆ جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان وە داوا لە لایەنی ھەرێمی و نێودەوڵەتیش بکرێت چاودێری جدی پرۆسەی دانوستاندنەکان بن .

بۆنوسینی ئەم بابەتە سوود لە سەرچاوانە بینراوە :
• د. مارف عومەرگوڵ، کێشەی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی گەلی کورد،چ١، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ، ١٩٩٩.
• د.جاسم توفیق خۆشناو ، مەسەلەی کوردو یاسای نێودەوڵەتان، بڵاوکراوەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان، سلێمانی،٢٠٠٤.
• د.واحید عومەر محێدین،دانوستانەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد و حکومەتەکانی عێراق(١٩٢١-١٩٦٨)،بڵاوکراوەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان، سلێمانی،٢٠٠٦.
• د.محمەد عومەر مەولود، فیدراڵیەت و دەرفەتی پیادەکردنی لە عێراقدا،دەزگای ئاراس، چ١ ، ھەولێر، ٢٠٠٦.
• کەریم یەڵدز، کورد لە عێراق ، و.شاھۆ بورھان ، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، چ١، ھەرێمی کوردستان، ٢٠٠٧.
• شۆرش حسن عمر ، خێائێ النڤام الفیدرالی فی العراق، مرکز کردستان للدراسات الاستراتیجیە ، السلیمانیە ، ٢٠٠٩.
• د.عبدالستار گاھر شریف، الجمعیات و المنڤمات و الاحزاب الکوردیە فی نێف القرن ، گ٢، مکتب دار سردم ، سلیمانیە ، ٢٠٠٧.
• لیلاف حمد ڕمین عزیز، الحقوق السیاسیە للکرد فی الدول التی تچم کردستان، مۆسسە ێدی للگباعە و النشر، سلیمانیە،٢٠٠٧.
• دەستوری کاتی عێراق ساڵی ١٩٥٨.
• دەستوری ھەمیشەیی عێراق ساڵی ٢٠٠٥.

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە