بودجەی مانگــــــــانە
11.05.2020

سەرکــــــۆ یونس، ئابووریناس


حکومەتەکەی عادل عه‌بدلمه‌هدی بەهۆی کێشە سیاسییەکان و خۆپیشاندانەکانی بەغداو شارەکانی تری عێراق و دەست لەکارکێشانەوەی کابینەکەی و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی بەرمیلی نەوت بۆ(20) دۆلار نەیتوانی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بنێرێتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی کە بریتی بوو لە (162) ترلیۆن دینار  بەکورتهێنانی (48) ترلیۆن دینار.
دوای زیاتر لە پێنج مانگ کێشمەکێش و ململانێنی سیاسی  دواجار پێکهێنانی کابینەکەی مستەفا کازمی لەدایک بوو.
وا خەریکە نیوەی یەکەمی ساڵی دارایی (2020) تەواو دەبێت عێراق خاوەنی بودجەی گشتی نییە و ناچارە بەپێی پێوەری بەکاربردنی (1 لەسەر 12) ی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی پار کار دەکات کە خۆی زیاتر لە پێدانی مووچە و خەرجیە گشتییە کۆمەڵایەتیەکانی وەک خزمەتگوزاری شارەوانی و ئاو و کارەبا و سوتەمەنی دەبینێتەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە عێراق توشی قەیرانی بێ بودجەی دەبێتەوە ساڵی دارایی(2014) بەهەمان شێوە عێراق بەبێ بودجە ئەو ساڵەیشی بەڕی کرد.
کازمی و کابینەکەی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی ئەوەدان بۆ مانگانە یا بتوانرێت بۆ نیوەی دووەمی ساڵی دارایی (2020) یان بودجەی پێنج مانگی هەرچۆنێک بێت پڕۆژە یاسای بودجە لەپەرلەمانەوە دەربکرێت و ئەوەی کە دەست دەکەوێت لە داهاتەکان بۆ پرۆژە ئابورییەکان خەرج بکات بۆ ئەوەی تاڕادەیەک دەرئەنجامە خراپەکانی نەبوونی بودجەی گشتی کەمبکرێتەوە و کاریگەری هەبێت لەسەر جموجوڵی بازرگانی و بازاڕ.
هەرچەندە لە ئێستادا پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕووی ئابوری و سیاسیەوە لە نزمترین ئاستدایە و بەغدا بەشە بودجەی مانگانەی لە هەرێم بڕیوە و هێشتا وەفدەکەی هەرێم و بەغدا نەگەشتونەتە ڕێکەوتنێکی ئەوتۆ کە زامنی بەشە بودجەی هەرێم بکات،بەڵام ئومێد هەیە کە کازمی لەگەڵ هەرێم بگاتە ڕێکەوتن.
ئەگەر ئەم هەوڵە سەربگرێت بودجە مانگانە ئامادە بکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان دا ئەوا هەرچۆنێک بێت دەتوانرێت ئابوری عێراق لەم تەنگەژە داراییە ڕزگار بکات تا ئەو کاتەی نرخی بەرمیلی نەوت دەگەڕێتەوە ئاستی جارانی و داهاتەکانی عێراق بەرزببێتەوە، حکومەت بتوانێت ئامانجە ئابوری ودارایی وکۆمەڵایەتیەکانی لە ساڵانی داهاتودا بەدی بهێنێت و هەروەها بودجەی مانگانە سوودی گرنگی هەیە بۆ لایەنی چاودێری کردنی خەرجیەکان و ئاگاداربون لە بودجەکە.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کابینەکەی کازمی دەتوانێت ئەم تەنگەژە ئابوری و سیاسی و ئەمنی عێراق تێ بپەڕێنێت؟


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

وتارەکانی تری نوسەر