له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم وەزیری پەروەردە، دڵنیایی دا لەسەر بەردەوامبوونی خوێندن

24.02.2021
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوباتی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سە‌رە‌تای كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، جێگری سەرۆک وەزیران و سە‌رۆكی شاندی دانوستاندكار، دوا پێشھات و رێڕە‌وی گفتوگۆكان لە‌گە‌ڵ حکومەتی فیدراڵی سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی بودجە‌ و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی 2021، خستە‌ڕوو. جە‌ختی لە‌وە‌ش كردە‌وە‌ كە‌ بە‌ردە‌وامن لە‌ دانوستاندنە‌كان و ئێستا ئامادەییەکی باشتر ھە‌یە‌ بۆ چارە‌سە‌ر كردنی ئەم بابەتە.
ئینجا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 و ئاماژەیان بەوە کرد کە زۆربەی داتاکانی وەزارەتەکان ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بودجەیەکی شەفاف و واقیعی ئامادە بکرێت.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان، ڕەشنووسی پڕۆژە پەیڕەوی هاوبەشیکردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. دوای گفتوکۆ و ڕاگۆڕینەوە، پەیڕەوەکە پەسەند کرا.
بڕگەی دیکەی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕوو.
لە دوا تەوەری کۆبونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا و پلانی وەزارەتەکەی دەربارەی ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە خستەڕوو .
دواتر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، دڵنیایی دا لەسەر بەردەوامبوونی خوێندن بە مەرجی ڕەچاوکردنی ڕێکارە تەندروستیەکان لە پێناو پاراستنی سەلامەتی و ژیانی قوتابیان و خوێندکاران ومامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن.
ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای سوپاسکردنی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە، لە هەمانکاتدا وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی ڕاسپارد کە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان لە بەرچاو بگرن ، داواشی لە هاووڵاتیان کرد کە هاوکاری جێبەجێکردنی پلان و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم بن بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە گۆڕاوەی کۆرۆنا.