وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ داوا له‌ ئه‌مریكا ده‌كات مووچە و شایستە داراییەکانی ئەمریکا هەموو پێشمەرگە بگرێتەوە

23.02.2021
جەماوەر نیوز

شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌ركه‌ ڕایگه‌یاند ئه‌مڕۆ 23ی شوباتی 2021 له‌میانی كۆبونه‌وه‌یه‌كی باڵادا له‌گه‌ڵ كۆلۆنێل ڤۆرهیس، به‌رپرسی نوسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی هاوبەشی ئه‌مریكا له‌ عێراق و كۆلۆنێل جولیات، به‌رپرسی نوسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ هه‌رێمی كوردستان و، وه‌فدی باڵای راوێژكارانی سەربازی یاوه‌ریان، گفتوگۆی چڕ و وردمان لەسەر مووچە و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە کردو داوامانكرد" مووچە و مافە داراییەکانی ئه‌مریكا سه‌رجه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بگرێته‌وه، به‌جۆرێك ره‌چاوی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌دا هه‌بێت بۆ تەواوی هێزەکان بەبێ جیاوازی "‌.
جه‌نه‌ڕاڵ ڤۆڕهیس، به‌ڵینیدا به‌زوویی كار به‌و داوایه‌ بكه‌ن و دوای دیراسه‌كردنی خۆیان، چارەسەر و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به ‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌یێننه‌وه‌. ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: " له‌خه‌می ژیان و گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌ تێده‌گه‌ن و به ‌جدی كار بۆ باشكردنی سەرجەم هێزەکان ده‌كه‌ن.
له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ماندا، گفتوگۆی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و به‌رهه‌مدار كرا له‌سه‌ر مووچەو باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به گشتی کە ئومێد بەخشە.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، تاوتوێی پرسی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی ئێستای تیرۆریستانی داعش و پڕۆسه‌ی رێفۆڕمی سه‌ربازیمان کرد له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا.