له‌ سلێمانی دوو تۆمه‌تبار به‌بڕێك پاره‌ی‌ ساخته‌وه‌ ده‌ستگیركران

23.02.2021
جەماوەر نیوز
له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی پارێزگای‌ سلێمانی‌ بڵاویكرده‌وه‌ مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی پۆلیسی فریاكه‌وتنی‌ سلێمانی‌ دوو تۆمه‌تباری‌ به‌ناسنامه‌ ئێرانییان ده‌ستگیركرد كه‌بڕێك پاره‌ی‌ ساخته‌یان پێبووه‌ و ویستوویانه‌ له‌ناو بازاڕه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ساغی‌ بكه‌نه‌وه‌.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پۆلیسی سلێمانی‌ زانیاری‌ پێگه‌یشت له‌سه‌ر دوو تۆمه‌تبار كه‌ پاره‌ی‌ ساخته‌یان پێیه‌و ده‌یانه‌وێت له‌ناو بازاڕی‌ شاری سلێمانی‌ ساغی‌ بكه‌نه‌وه‌ ، ده‌ستبه‌جێ مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی فریاكه‌وتنی‌ سلێمانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكردو و گه‌یشتنه‌ شوێنی‌ مه‌به‌ست و توانیان له‌ناو بازاڕی‌ شاری سلێمانیدا دوو تۆمه‌تباری‌ به‌ناسنامه‌ ئێرانی‌ ده‌ستگیربكه‌ن كه‌ زیاتر له‌ حه‌وت ملیۆن دیناری‌ په‌نجا هه‌زاری ساخته‌یان پێبووه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كێكی‌ بانكی‌ 10 ملیۆن تمه‌نی‌.
له‌ئێستادا هه‌ردوو تۆمه‌تبار ( س، س) له‌دایكبووی‌ 1994 و ( ب، م) له‌دایكبووی‌ 1990 به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر راگیراون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وامه‌.