‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كرێت

03.10.2020
جەماوەر نیوز
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق موچە دابەشدەکات و کۆتایی هەفتەش 320 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق راگەیاند، دواکەوتنی موچەی عێراق بەهۆی کورتهێنانەوە بووە و ئێستا چارەسەرکراوە، بۆیە ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات و "بە دڵنیاییەوە 320 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت."
هاوکات ئەحمەد رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئێستا حکومەت بۆ دابەشکردنی مووچە پارەی تەواوی لە بەردەستە، بەڵام "دواخستنیشی بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنمەوە، یەکەمیان گوشارخستنە سەر ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران لە رێگەی شەقامەوە بۆ پەسندکردنی یاسای قەرز و دووەمیشیان، هۆشدارییەکە لەوەی کە ئەگەر بەمجۆرە هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانە و هێزە بیانییەکان، ئابووریی عێراق خراپ دەبێت."
ئەحمەد رەشید ئاماژە بەوە دەدات، عێراق لە مانگی ئەیلوولدا 601 ملیار دینار داهاتی هەبووە، هەروەها لە سێ مانگی رابردووشدا داهاتی نەوتی 11 ترلیۆن دینار بووە و 15 ترلیۆنیشی قەرزکردووە و، پێیوایە "دەیتوانی لەکاتی خۆیشیدا مووچە بدات."