له‌ سلێمانی دوو ریستۆرانت داده‌خرێت

14.07.2020
جەماوەر نیوز
به‌هۆی پابه‌ند نه‌بون به‌مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن و سه‌رپێچی كردن له‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی دو ریستۆرانت داده‌خات و هۆشیاریش به‌ سه‌رجه‌م شوێنه‌كان ده‌دات.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، لیژنه‌ی ریستۆرانی قائیمقامیه‌ت، راپۆرتی كاروچالاكییه‌كانی شه‌وی رابردوی خۆی پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌ی باڵای ‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كردوه‌، تیایدا هاتوه‌: له‌كاتی سه‌ردانی لیژنه‌كه‌ بۆ ریستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، ده‌ركه‌وتوه‌ هه‌ردو ریستۆرانتی (سایه‌گوڵی2 و VIP) له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌رچناری شاری سلێمانی پابه‌ند نابن به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ڤایرۆسی كۆرۆنا.
له‌راپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌خراوه‌ته‌‌ڕو: به‌پێی رێنماییه‌كانی ژوری ئۆپراسیۆنه‌كانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ شاری سلێمانی، پێویسته‌ ئه‌و شوێنانه‌ی به‌مه‌رجی پابه‌ندبون كراونه‌ته‌وه،‌ سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ شوێنه‌كه‌یاندا جێبه‌جی بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ داده‌خرێت.
راپۆرتی لیژنه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌: به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی هه‌ردوو ‌ ریستۆرانتی (سایه‌گوڵی2 و VIP) داده‌خرێن و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری‌ یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.
لیژنه‌ی باڵای قائیمقامیه‌تی سلێمانی، هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌پێی رێنماییه‌كانی ژوری ئۆپراسیۆنه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی سه‌رپێچی جارێك داخراون، له‌كاتی دوباره‌ كردنه‌ی سه‌رپێچیدا شوێنه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ  داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێته‌وه‌.
  ‌