هۆكاره‌كانی چاره‌سه‌ری چه‌وری جگه‌ر

31.05.2020
جەماوەر نیوز

د.ئیسراء كه‌مال شاه محه‌مه‌د، پسپۆری بواری قەڵەوی و لاوازی

 

بە تەنها خواردنەوە كحولیەكان نین كە كاریگەری نەرێنی یان هەیە لەسەر جگەرت و تووشی چەوری جگەر (Fatty liver) ت دەكەن بەڵكوو خواردنیش هەیە، كە هەمان كاریگەری نەرێنی هەیە.
زۆر لە زووەوە زانراوە كە یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی دروست بوونی چەوری جگەر خواردنەوە كحولیەكانە، بەڵام لەساڵەكانی دوای ۱۹٥٠ ەوە، چەوری جگەر بە بوونی هۆكاری خواردنەوەی ئەلكحولی بینراوە لە هەندێك كەسدا و توێژینەوەی لەسەر كراوە.لە سالی ۱۹٥۲ دا پزیشكێك لە كاتی توێژینەوە بۆی دەركەوت رێژەیەكی زۆری ئەوانەی خواردنەوەی گازی یان خواردۆتەوە چەورییەكی زۆری جگەریان هەیە.
پاشان لە ساڵی ۱۹۸٠ دا هەندێك لە پزیشكان لە مایۆكلینیك بینیان هەندێك لە نەخۆشەكانیان، جگەریان چەوری زۆری لەسەر كۆبۆتەوەو نیشانەكانیان هەمان نیشانەی ئەو كەسانەیان هەیە كە خواردنەوە كحولیەكانیان بە رێژەی زۆر بەكارهێناوە، بە مەرجێك هیچ كەس لەو نەخۆشانە خواردنەوەی كحولیشیان بەكارنەهێناوە یاخود برێكی زۆر كەم بەكارهاتووە كە نەئەبوو ئەو كاریگەرییە خراپە دروست بكات. لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوت خواردنی ئەو كەسانە رێژەیەكی زۆری شەكر و كاربۆهایدرەیتیان تێدایە كە هۆكار بووە بۆ چەوری جگەر.
لەگەڵ بەدواداچوونێكی زۆری پزیشكان و توێژەرەوەكان، سەیریان كرد كە چەوری جگەر پەیوەندیەكی زۆر توندی هەیە بە قەڵەوی و بەرگری خانەكانی لەش بۆ ئه‌نسۆلین و لە ئەنجامدا ئەگەری تووشبوون بە شەكرە زیاد دەبێت.
بەداخەوە ئەم نەخۆشیە ( چەوری جگەر) لە ئێستادا زۆر باوە نەك تەنها لە نێو گەورەكاندا بەڵكو لە نێوان منداڵیشدا. كە هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی ئەنزیمەكانی جگەر ( كە ئەمە پێمان دەڵێت خانەكانی جگەر ئازاردراون و ئیشەكانیان رەنگە بە شێوازێكی تەواو بەڕێ نەكەن).
بە پێی زۆربەی داتاكان چەوری جگەر بە لایەنی كەم لە ۲/۳ ی ئەو كەسانەی بەدەست قەلەوییەوە دەناڵێنن هەیە.
هۆكارەكانی چەوری جگەر :
بێجگەلە خواردنە كحولیەكان، ئەو هۆكارانەی پەیوەندیان هەیە بە خواردنەوە بریتی یە لە :
ـ زۆر خواردن ( واتە لە پێویستی لەشی خۆت زیاتر بخۆیت).
ـ خواردنی خراپ ( وەك شەكر و ئەو خواردنانەی دەوڵەمەند بە شەكر و كاربۆهایدرەیت) دەبنە هۆی ئەوەی ئەو ووزەیەی زیادەیە لە خانەكانی لەش و بەكاری ناهێنێت وەكو چەوری خەزن بێت لە لەشدا و بەشێكیشی دەبێتە ئەو چەورییەی كە لە خانەكانی جگەردا دەنیشێت.
كاتێكیش ئەم چەوری جگەرە زیاد دەكات پەستانێكی زۆر دەخاتە سەر جگەر و لە ئەنجامیشدا بەرگری خانەكان بۆ هۆرمۆنی ئه‌نسۆلین زیاد دەكات و بەوەش شەكر و ئه‌نسۆلین بە بەردەوامی بە بەرزی دەمێننەوە لە خوێندا و بەوەش ئەگەری تووشبوون بە شەكرەی جۆری دوو چەند هێندە زیاد دەكات.
رەنگە بڵێین ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە نیشاستەو كاربۆهایدرەیت بە چ میكانیزمێك چەوری جگەر دروست دەكەن؟
لەبەر ئەوەی ئەم خواردنانە زۆر بە خێرای دەگۆڕێن بۆ شەكری سادە و و یەكەمین شوێنیش بۆ خەزن كردنی شەكر وەكو چەوری، جگەرە. وە ئەو ووزە زیادەیەشی جگەر ناتوانێت خەزنی كات دەبێت بە چەوری زیادە لە ژێر پێست و كەڵەكە دەبێت لە شوێنە نەخوازراوەكاندا.
كەواتە ئەو كەسانەی چەوری جگەرییان هەیە بە بێ ئەوەی هۆكارەكەی خواردنەوەی كحولی بێت چی بكەن؟
ـ وازبێنن لە خواردنی شەكر و شەربەت و ئه‌یس كرێم و خواردنەوە گازییەكان بە هەموو جۆرەكانیەوە.
ـ كەمكردنەوە یان نەخواردنی نان و كولێرەی سپی و پەتاتە و برنجی سپی و پاستا.
ـ زیاتر ئەو میوانە بخورێت كە رێژەی شەكریان كەمە وەكو شلیك و بێرییەكان ، بە شێوەیەكی گشتی نابێت برێكی زۆریش لە میوە بخوات لە رۆژەكەدا بەهۆی ئەوەی كە فرەكتۆزیان تێدایەو مێتابۆلیزمی فرەكتۆزیش تەنها لە جگەردایە. بۆیە كاتێك كەسەكە قاپێكی گەورە میوە دەخوات لە یەك كاتدا یان شەربەتێكی سروشتی زۆر دەخواتەوە رەنگە بەوەش پەستان لەسەر جگەر هەر دروست بێت و بەشێكی ئەو ووزەیە وەكو چەوری بەسەر جگەرەوە دروست بێت.
ـ دەبێت چەوری باش لە خواردندا هەبێت وەكو زەیتوون و زەیتی زەیتوون و ئەفۆكادۆ و چەرەساتەكان.
ـ ئەو خواردنانەی تر كە لە خواردنەكانماندا بیانخۆین وەكو سیر و چای سەوز و سەوزە گەلا سەوزەكان وەكو سلق و سپێناخ و برۆكۆلی، و دەنكی گولە بەرۆژە و بادەم ( بەهۆی ڤیتامین E ی تیایدا).
ـ سركەی سێو یەكێكە لەو خواردنانەی كە هەوكردن لە جگەردا كەم دەكاتەوەو یارمەتی كەم كردنەوەی چەوری جگەر دەدات. یەك كەوچك لە پەرداخێك ئاوی شلەتێندا دەتوانرێت بخورێتەوە دوو جار لە رۆژەكەدا پێش ژەمە سەرەكیەكان.
ـ لیمۆش زۆر گرنگە چونكە دژە ئۆكسیدەكان و ڤیتامین سی زۆر باشی تێدایە. لە پەرداخێك ئاودا، ئاوی لیمۆیەك یان نیو لیمۆی تێبكرێت و بخورێتەوە.یارمەتی جگەر دەدات مادەی گلۆتاثایۆن برێژێت و بەوەش چەوری كەڵەكە بوو لە جگەردا كەم دەكاتەوە.
ـ بەكارهێنانی زەردەچەوەش كاریگەری باشی هەیە لەسەر كەمكردنەوەی هەوكردن و كەمكردنەوەی چەوری جگەر. شێوازی ئامادەكردنەكەی دەتوانیت نیوەی كەوچكێكی چا بخەیتە دووپەرداخ ئاو و لەگەڵ پروشەیەك لە بیبەری ڕەش لە ڕۆژەكەدا بیخۆیتەوە و ئەگەر كەسەكە تامەكەی لا پەسەند نەبوو دەتوانیت ئاوی لیمۆش تۆزێك تێبكەیت بۆ باشتر كردنی تامەكەی. یان دەتوانیت زەردەچەوەكە بخەیتە كوپێك شیر و بیخۆیتەوە.
ـ وەرزش كردنی رۆژانە زۆر گرنگە بۆ كەمكردنەوەی چەوری جگەر. مەرج نییە وەرزشی قورس، ئەگەر نیو كاتژمێر رۆشتنی ئاساییش بێت هەر باشە.