له‌ موسڵ حاڵه‌تێكی ئه‌نفلۆوه‌نزای باڵنده‌ له‌ ناو كێڵگه‌یه‌كی په‌له‌وه‌ر تۆماركرا

16.05.2020
جەماوەر نیوز

حه‌مید نایف، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "فه‌رمانگه‌ی ڤێتێرنه‌ری پێمانی راگه‌یاندووه‌ له‌ یه‌كێك له‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی هێلكه‌ له‌ ناوچه‌ی (ئاسكی كه‌ڵه‌ك) له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، حاڵه‌تی ئه‌نفلۆوه‌نزای باڵنده‌ له‌ جۆری (H5N8) له‌ناو په‌له‌وه‌ره‌كان تۆماركراوه‌‌".
له‌ به‌یاننامه‌كه‌ ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌وه‌ ڕوو دوای گه‌یشتنی هه‌واڵه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ ئه‌و پلانه‌ جێبه‌جێ كرا، كه‌ به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ 32ی ساڵی 2013 له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌م شێوه‌یه‌ ره‌وایه‌تی به‌ له‌ناوبردنی كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان ده‌دات، ته‌واوی پێكهاته‌كانی ناو كێڵگه‌كه‌ له‌ناوبران و سووتێنران و ژێر خاك كران، هاتوچۆش بۆ كێڵگه‌كه‌ قه‌ده‌غه‌ كرا‌".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ی لێ تۆماركراوه‌، ده‌كه‌وێته‌ شوێنێكی دووره‌په‌رێز و هیچ كێڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری نییه‌، به‌ سه‌رپه‌رشتی لیژنه‌یه‌ك كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی پارێزگار و ئه‌ندامێتی فه‌رمانگه‌ی ڤێتێرنه‌ری، ته‌ندروستی و ژینگه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگا پێكهاتووه‌، ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كانی كێڵگه‌كه‌ش له‌ناوبران".
هه‌روه‌ها هێما بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ ته‌واوی رێكاره‌كان بۆ كۆنترۆڵكردنی په‌تاكه‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر و ئه‌و نه‌خۆشییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان، كه‌ له‌ رێگه‌ی باڵنده‌ كۆچه‌ره‌كانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌گوازرێته‌وه‌ و ئێستا ئه‌و په‌تایه‌ له‌ 38 وڵاتی جیهان هه‌یه‌".