به‌رهه‌م ساڵح له‌ باره‌ی كۆرۆنا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

25.03.2020
جەماوەر نیوز
سەرۆک کۆمار وتارێکی ئاڕاستەی گەلانی عێراق کرد لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئێوارەی دووشەممە ٢٠٢٠/٣/٢٣ لەبەغدا، وتارێکی ئاڕاستەی گەلانی عێراق کرد لە بارەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دەقی وتاری سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ:

خوشک و برایان و ھاونیشتمانیانم... له‌ سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان
سڵاو و سه‌لامى په‌روه‌ردگارتان لێبێت

یادی پیرۆزی شەوڕۆی ( ئیسراو معراج) پێغەمبەری مه‌زنمان(د.خ) بەدەرفەت دەزانم، هه‌م پیرۆزبایتان لێ بکه‌م، هه‌م له‌ سه‌ر دواین گۆرانکارییه‌کان له‌گه‌ڵتاندا بدوێم، له‌ ئێستادا پێکه‌وه‌، ڕۆژانێک به‌ڕێده‌که‌ین که‌ ڕووبه‌رووى مه‌ترسی ڤایرۆسى کۆرۆنا بوینه‌ته‌‌وه‌، که‌ ڕێکخراوى ته‌ندروستى جیهانى به‌ په‌تایه‌کى سه‌رتاسه‌رى وه‌سفی کردووه‌، به‌وه‌ی ڤایرۆسێکی بەڵایە‌ و‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مرۆڤایه‌تى ده‌کات، ئه‌مه‌ش ئاڵەنگارى خستووەته‌ به‌رده‌م ژیانى هاونیشتمانیان، به‌تایبه‌تی کەسانی بەته‌مه‌ن و ئه‌وانه‌ى نه‌خۆشى درێژخایه‌نیان هه‌یه‌.
له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى ڕابردوودا، ماڵئاوایمان له‌و دۆست و ئازیزانه‌مان کرد، که‌ تووشى ئه‌و ڤایرۆسه‌ بوون و تێداچوون، به‌ گوێرەی شانه‌ی قەیرانەکان که‌ حکومه‌ت له‌ چوارچێوه‌ى فه‌رمانى دیوانى ژماره‌ (55) پێکیهێناوه‌، زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ی تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بوون، له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق تووشی بوون، داواکارین له‌ یه‌زدان کۆچکردووان به‌ر ڕه‌حمه‌تى خۆی بخات، دڵ و هه‌ستیشمان لای که‌سوکار و خۆشه‌ویستانیانه‌.
جێگه‌ی ‌داخه‌ که‌ له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا بینیمان، که‌ تۆماری ژماره‌ی تووشبووان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو به‌رزبووەته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ده‌رئه‌نجامى تێکه‌ڵابوون و دروستبوونى قه‌ره‌باڵغى له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کان، گوێنه‌دانیش به‌ مه‌ترسى ئه‌و په‌تایه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌کانی هاته‌کایه‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ھەردوو‌ حکومه‌تى  ئیتحادی و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ده‌سه‌ڵاتى پارێزگاکان، بۆ سنوردارکردنى ژمارەی تووشبووان، چه‌ندین ڕێوشوێنى تایبه‌تیان گرته‌به‌ر؛ هه‌ر له‌ داخستنى سنوره‌کان، سه‌پاندنى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ، داخستنى شوێنه‌ گشتییه‌کان، بڵاوکردنه‌وه‌ى هۆشیارى پاک و خاوێنى، هاوکات مه‌رجه‌عیه‌ته‌ ئاینى و که‌سایه‌تى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ڕۆشنبیرى و میدیاییه‌کان، به‌ سوپاسه‌وه‌ کاردانه‌وه‌یه‌کى زۆر باشیان هه‌بووە له‌ به‌رامبه‌ر دۆخه‌که‌دا، له‌ ئێستاشدا چاوه‌ڕوانى هۆشیارى کۆمه‌ڵایه‌تى زیاترین له‌ باره‌ى پێویستى گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێنی پێویست له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م په‌تا جیهانییه‌ و لێکه‌وته‌‌کانى، ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌‌ شێوه‌یه‌کى به‌رپرسیارانه‌ و له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ به‌بێ جیاوازى پیاده‌ بکرێت.
خۆشەویستان....
ئه‌رکى نیشتمانیمانه‌ کۆششه‌کانمان له‌ ئاستی قه‌یرانه‌که‌دا بێت‌، دانیش به‌ودا بنێین که‌ دۆخه‌ سه‌خته‌،‌ ئه‌گه‌ر پابه‌ندی ڕێنماییه‌کانى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ و گوێنه‌دان به‌ ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزییه‌ ته‌ندروستییه‌کان نه‌بین، له‌وانه‌یه‌ (پەنا بەخوا‌) مه‌ترسى زیاتریش دروست بێت، ده‌بێت‌ دان به‌و ڕاستیه‌شدا بنێین، که‌ژێرخانى سێکته‌ری ته‌ندروستیمان له‌ دۆخێکى باشدا نییه‌، ئه‌مه‌ش‌ به‌رپرسیاریه‌تیمان بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م ته‌نگژه‌یی ئێستا  زیاتر ده‌کات.
بۆیه‌ داوا له‌ ته‌واوى هێزه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، خۆشگوزه‌ران و سه‌رمایه‌دار‌ و ڕێکخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌م، ئه‌وپه‌ڕى توانایى خۆیان بخه‌نه‌گه‌ر بۆ هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ فەرمییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، هاوشانى دامه‌زراوه‌کانى ده‌وڵه‌ت، ده‌ستپێشخه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى بنیادنه‌ر بخه‌نه‌ڕوو، ئه‌مه‌ش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌م قه‌یرانه‌ى ئێستا، که‌ به‌ پشتیوانی خودا به‌ که‌مترین زه‌رر و زیان لێی ده‌رباز ده‌بین.
پێویسته‌ هه‌موومان  پێکه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگبین له‌ دابینکردنى خۆراک و ته‌ندروستى بۆ ئه‌وانه‌ى پێویستیان پێیه‌تی له‌ ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان، ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندنیش ڕۆڵى سه‌ره‌کى و کارا بگێڕن له‌ جۆشدانى ده‌ستپێشخه‌رییه‌ مرۆییه‌کان، وه‌ک داواکاری بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى کاتی کرێی کرێنشینان و دابینکردنى پێداویستییه‌کان بۆ خێزانه‌ که‌مده‌رامه‌ت و ئه‌وانه‌ى داهاتیان سنورداره‌، نابێت برا و خوشکه‌کانیشمان له‌ بیر بکه‌ین له‌ خێوه‌تگاکاندا که‌ ساڵانێکه‌ به‌رگه‌ی ئێش و ئازاری ده‌ربه‌ده‌ریان گرتووه‌، ئه‌رکی ده‌وڵه‌ته‌ بیانگێڕێته‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئه‌م دۆخه‌ قورسه‌ وامان لێده‌کات وه‌ک گه‌لێکى خاوه‌ن ویست و جوامێر و ئارامگر، له‌ به‌رامبه‌ر ئاسته‌نگ و به‌ڵا و کاره‌ساته‌ جۆراوجۆره‌کان، هاوکار و یه‌کگرتوو بین،گه‌لی ئێمه‌ خاوه‌نى ئه‌زمونێکى مێژوویی و مرۆیى ڕه‌سه‌نه‌، که‌ وایکردووه‌ به‌ درێژایى مێژوو بتوانێت ئاسته‌نگه‌کان تێپه‌ڕێنێت و به‌رده‌وامی به‌ ژیان بدات و به‌ ویستێکی به‌هێزیشه‌وه‌ پشکداری تێدا بکات.
ئه‌مرۆشمان هاوتای مێژووه‌ پڕشنگداره‌که‌مان، گه‌له‌که‌مان هه‌روه‌ک پێشتر سه‌لماندویه‌تى، جارێکى دیکه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت، که‌ به‌ به‌رده‌وامى نموونه‌یه‌که‌ له‌ به‌رگه‌گرتن و تێگه‌یشتن و قوربانیدان له‌ به‌رده‌م ته‌نگه‌تاوی و ئاڵەنگارییه‌کاندا.
ئێمه‌ی عێراقی (‌عه‌ره‌ب و کورد و تورکمان‌، موسوڵمان و مه‌سیحی و ئاین و ئاینزا و ته‌یافه‌کان‌، به‌رپرس و هاووڵاتی، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار، فه‌رمانبه‌ر و کرێکار و جوتیار، ژن و پیاو گه‌نج و منداڵ)، هه‌موومان له‌ به‌رده‌م ئه‌م به‌ڵا و کاره‌ساته‌دا یه‌ک ده‌ستین، جه‌نگی خۆمان دژ به‌و ڤایرۆسه‌ نه‌گریسه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین و به‌سه‌ریدا سه‌رده‌که‌وین، جگه‌ له‌ هیواو و ئومێد و متمانه‌به‌خۆبوون، هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌کی دیکه‌مان‌ له‌ به‌رده‌مدا نییه‌.
ئازیزان...
ده‌بێت ووریایی و ڕێوشوێنه‌کانمان له‌ ئاست مه‌ترسیداری په‌تاکه‌دا بێت، نابێت خۆمان تووشی ترس و دڵه‌ڕاوکێ و پشێوی بکه‌ین، ده‌بێت پابه‌ندی ڕێوشوینه‌کانی خۆپارێزی و چاره‌سه‌ربین، هه‌روه‌ک مه‌رجه‌عیه‌تی باڵا ڕایسپارده‌ی داوه‌ و لایه‌نه‌ ته‌ندروستییه‌ تایبمه‌تمه‌نده‌کانیش جه‌ختیان له‌سه‌ر کردووەته‌وه‌، با ئه‌وانه‌شمان له‌ بیربێت که‌ به‌ ویستی خودا و کۆششی کارمه‌ندانی ته‌ندروستی که‌ له‌ پێشه‌وه‌ی به‌ره‌ی جه‌نگه‌ن، چاکبوونه‌وه‌ و له‌ ڤایرۆسه‌که‌ ڕزگاریان بووه‌، ئێستاش له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، کۆششی ماندوونه‌ناسانه‌ ده‌کرێت له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی دژه‌ ڤایرۆسه‌که‌ و چاره‌سه‌ری پێویستی په‌تاکه‌.
جارێکى دیکه‌ دووپاتى ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ پێویسته‌ دوورکه‌وینه‌وه‌ له‌ ترس و دڵه‌ڕاوکێ، پابه‌ندبین بە ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ دوو مه‌تر له‌ خه‌ڵکانی دیکه‌وه‌ دووربین، مانه‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌ و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ تێکه‌ڵبوون، هه‌روه‌ها له‌کاتى هه‌ستکردن به‌ ده‌رکه‌وتنى نیشانه‌ دیاره‌کانى په‌تاى کۆرۆنا، سه‌ردانی لایه‌نه‌ ته‌ندروستییه‌ پەیوه‌ندیداره‌کان بکه‌ین.
وه‌ک ده‌زانین که‌ ئه‌م پابه‌ندبوونه‌ ئه‌رکێکى ئاسان نییه‌، کاریگه‌رى ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تیش به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵک و ئازادی جوڵه‌ و کارکردنیانه‌وه‌ جێدێڵێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی باسکران، پێداویستی گرنگی قۆناغه‌که‌ن و ده‌بێت دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت خۆیانی بۆ ئاماده‌ بکه‌ن،ده‌بێت هه‌ماهه‌نگى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌رفراوان ڕێکبخرێت بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى بارگرانییه‌کان له‌سه‌ر شانی خه‌ڵکانی که‌مده‌رامه‌ت و کرێنشین و کرێکاران،به‌ڕێز و نرخاندنشه‌وه‌ له‌و ده‌ست پێشخەرییانە ده‌ڕوانین،که‌ مه‌رجه‌عیه‌ته‌ ئاینییه‌کان و ڕێکخراوه‌ فریاگوزارییه‌کان و که‌سایه‌تییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و چالاکوانان له‌م بواره‌دا پێشکه‌شیان کردووه‌.
پشتیوان به‌خودا،پێکه‌وه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ تێده‌په‌ڕێنین، ئه‌ویش به‌ یه‌کخستنى هه‌وڵه‌کانى پێکه‌وییمان و هه‌ماهه‌نگى و یارمه‌تیدانى هێزه‌کانى ئاسایش، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌رکه‌کانى خۆیان به‌باشى ڕاپه‌رێنن، و پشتیوانیکردنى تیم و یه‌که‌ ته‌ندروستییه‌کان تا ئه‌رکه‌کانیان به‌باشى به‌ڕێوه‌به‌رن، هه‌روه‌ها له‌ ڕێگه‌ی ده‌ستبارگرتنی نێوان (ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار، به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌ر ، باوک و خانه‌واده‌که‌ى).
خۆشه‌ویستان..
وڵاته‌که‌مان ڕووبه‌رووى په‌تایه‌کى جیهانى ده‌بێته‌وه‌، هاوکات لێکترازانى سیاسى مه‌ترسیدار له‌ ئارادان،‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆى نه‌بوونى حکومه‌تێکى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ته‌واو، داوا له‌ ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان ده‌که‌ین یه‌کڕیزبن،له‌ پێش هه‌موو شیانه‌وه‌ داوا له‌ هێز و لایەنە‌ سیاسییه‌کان ده‌که‌ین که‌ یه‌کڕیز و هه‌ماهه‌نگبن،له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاڵه‌نگارییانه‌ى گه‌له‌که‌مان ڕووبه‌رووى ده‌بێته‌وه‌ بۆ ده‌ربازبوونى وڵات له‌و بارگرژییه‌ سیاسییانەی  چه‌ند مانگى ڕابردوو.
به‌ داخه‌وه‌ ده‌ڵێین:ئه‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌مووان به‌رپرسیارییه‌تییه‌که‌ى هه‌ڵبگرن، به‌رپرسیارییه‌تییه‌ک که‌ گه‌له‌که‌مان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان خستویه‌تییه‌ سه‌رشانى.
سڵاو رێز و ستایش بۆ تیم و یه‌که‌ ته‌ندروستییه‌کان له‌ پزیشک و په‌رستار و ده‌رمانساز و شاره‌زاو یاریده‌ده‌ر و ته‌کنیکى له‌ ته‌واوى وڵات،که‌ شه‌و و ڕۆژیان خستۆته‌ سه‌ر یه‌ک،بۆ چاودێریکردن و چاره‌سه‌رکردنى تووشبووان، تاھەرچی زووە پشت به‌خودا چاک ببنەوە.
سڵاو خۆشه‌ویستى و شانازیش بۆ هێزه‌کانى سوپا و ئاسایش و ھێزەکانی پێشمەرگە له‌سه‌رتاسه‌رى وڵات،بۆ تاک به‌تاکى ئاسایش و پۆلیس که‌ به‌ دڵسۆزى ئه‌رکه‌کانیان ڕاده‌په‌رێنن بۆ پارێزگاریکردن له‌ ئاسایشى ته‌ندروستى له‌ ته‌واوى گه‌ڕه‌ک و گوند و شاره‌کان،له‌ هه‌مان کاتیشدا، له‌سه‌ر سنور و سه‌نگه‌ره‌کانى له‌ به‌گژاچوونه‌وه‌ى تیرۆر، به‌رگرى له‌ ئاسایش و ئارامی و داھاتووی گه‌له‌که‌مان ده‌که‌ن.
سڵاو بۆ دایکان لە تەواوی عێراق و کوردستان،که‌ ڕۆڵه‌کانیان له‌ ئامێز ده‌گرن و فێرى بنه‌ماى ته‌ندروستیان ده‌که‌ن بۆ خۆپارێزیان له‌ ڤایرۆسه‌که‌،سڵاو له‌ هه‌ر باوکێک – که‌ ته‌نها بۆ کاری زۆر پێویست نه‌بێت- پێودانگى نه‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ماڵ ڕێکده‌خات بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ترس و دڵه‌ڕاوکێى خانه‌واده‌که‌ى.
سڵاو بۆ هه‌موو گەنجان له‌ کچان و کوڕان،که‌ پابه‌ندن به‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان،که‌ له‌ ڕێگه‌ى تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تىیه‌کانه‌وه‌ هۆشیارى بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌ستپێشخه‌رى باش ده‌که‌ن بۆ یارمه‌تیدانى خاوه‌ن پێداویستییه‌کان،ئە‌و ده‌نگۆ و پروپاگه‌ندانه‌ش‌ ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ترس و خه‌مۆکى له‌ نێو هاوونیشتمانیاندا بڵاو ده‌کاته‌وه‌،
گه‌له‌که‌مان به‌ هۆشیارى و ژیرى و یه‌کڕیزى و زانست و ڕه‌سه‌نى و دان به‌خۆداگرییه‌که‌ى،به‌سه‌ر په‌تاى کۆرۆنا سه‌رده‌که‌وێت،هه‌روه‌ک چۆن سه‌رکه‌وت به‌سه‌ر په‌تاى تیرۆردا،‌پشتیوان به‌خودا سه‌رده‌که‌وێت به‌سه‌ر په‌تاى گه‌نده‌ڵى و دابه‌شکارى و خراپ به‌کارهێنانى به‌ڕێوه‌بردن و چه‌کى له‌ده‌ست ده‌رچوو.
(فَإِنَّ مَعَ الْعُسْڕ یُسْرًا - إِنَّ مَعَ الْعُسْڕ یُسْرًا)
خودا پارێزه‌ر و چاودێرتان بێت.. ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى بۆ ئێوه‌ و خانه‌واده‌ و خۆشه‌ویستانتان.
شیفا و زوو چاکبوونه‌وه‌ش بۆ نه‌خۆش و تووشبووان
به‌زه‌یى و ڕه‌حمه‌ت و نه‌مرى بۆ شه‌هیدان
دووبارە سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت